د.مستەفا زەنگنە
نووسەر، هەولێر
…………….
مام سمایل لەشۆڕشی ئەیلوولا گرتیان، بەڵام تۆمەتەکەی هین ساڵی1959 بوو،ئەو زەڵامێکی فیلەتەن بوو، کێشی 148 کیلۆ بوو، گوایە لە ڕووداوە ناخۆشەکەی کەرکووکدا مام سمایل شانێکی داوە لە دەرگای بنکەی پۆلیسی ئیمام قاسم و دوای ئەوسایش شانێکی داوە لەمەشجەبی چەک و
تەقەمەنی و لە تەپانەوە دەریکردووەو چەک و فیشەکی داوەتە دەس گەنجان ،تابکەونە گیان ئەوانەی تەقەیان لە خۆپیشاندانەکان کردبوو، لەڕاستیدا مام سمایل هەرئاگای لەم بەزمی سیاسەت و خۆپیشاندانانە نەبوو، ئەو حەماڵ بوو، عارەبانەیەکی دوو تایەی هەبوو لەحەسیرەکە حەماڵیی پێ ئەکرد، هەنێ جاریش، کاهوو هەنارو تەماتەی ئەخستە سەری و جادە بەجادە دەگەڕاو ئەیفرۆشتن، ئەو خۆی وەکو ئەسپ بەدرێژایی ڕۆژگاری سەخت، عەرابەنەکەی ڕا ئەکێشا، بەڵام حکوومەت بڕوایان بەقسەو ئیفادەکەی نەدەکرد و گشەوێ ئەیانبرد مارکوژیان ئەکردو بەمەیتی ئەینهاوردەوەو فڕەیان ئەدایەناو بەندیخانەکەوە، ئیتر دەبوو هەموو شەوێک بەهەشت نۆ زەلام هەریەکێکمان پەلێکی بگرین و بیبەینەوە سەر جێگاکەی خۆی.
مام سمایل دووشەو بوو هێنابوویانە سیجن ئەوکات هێشتا بەینمان زۆر نەبوو،باش یەکتریمان نەئەناسی،،
بەڵام بەندکراوەکان هێندە زۆربوون، ئەبوو شەوان بۆخەوتن،وەکو جگەرەی ناوپاکەت لەتەنیشت یەکەوە ڕیز بن، مام سمایلیش شەوی دووەمەو لەپرخەی خەودایەو،بۆیەبەدەم خەوەوە وائەزانێ هەر لەماڵ خۆیانەو و ئەوەی تەنیشتی کەیبانۆکەیەتی، وەڵڵا بەدەم خەوەوە دەس ئەکوتێ و هێواشهێواش، هەڵئەسێ و لینگی کابرای تەنیشتی ئەکاتە شان، ئەو زەلامەش قۆشمە چی ئەبێت و ئەزانێ مام سمایل بەدەم خەوەوە وائەکات، خۆی تێک نادات و ئیشارەت بۆ برادەرەکانی دەکات و ئەوانیش خواخوای بەزمێکی وایانە.دەورەی ئەدەن و دەدەن لەتریقەی پێکەنین و ئەها مام سمایل خەریکی چیت؟، وەختێ مام سمایل وەئاگادێ، سەیر ئەکا لنگ برادەرەکەی والەشانیا، ئیتر دەس ئەکاتە جنێودان و ئەڵێ:- تەڵاقم کەوتبێ وام زانی هام لەماڵ خۆماو کەیبانۆم لەتەکمەوە خەوتووە، باشە خێرتان گەیشت کردتانە ئەم بەزم و هەرایە؟ کورە مەعزبۆ خوا حەیام مەوەن. جەماعەتیش ئیتر گڕۆژێ سەریان ئەخستە سەری و پێیان ئەوت ها ئەو ئیانەش ئەکەی؟ بەخوا معاون محەمەد بزانێ بیست ساڵ حوکمت ئەدات، بەڵام گجارێ ئەیوت، وەڵڵا ئەوەنەی ئێوە تەعزیبم ئەدەن، تەعزیبەکەی حوکمەت لەوەی ئێوە شەریفترە،برا خەوتوو وەکو مردوو وایە، من گوناحم چیێە؟ئەوەبوو دوای مانگێک، من و مام سمایل گوازراینەوە سیجنی گەورە، کەدووبەش بوو، بەشێکیان پێیان ئەوت مەحجەر، کەدوو دێرو خەزنەو حەوشەیە چکۆڵانەو چوار ئاودەسخانە لەحەوشەکەیا بوو،ئاودەسخانەکان بەتەک یەکەوە بوون و کەمێ توالێتەکان تەسک بوون و هەروا دیوارەکەی نێوانیان بەخشتی سوور کرابوو،بەڵام تڕەکەڵک بوو، هەر نیو مەترێک بەرز بوو، بۆیە ئەگەر دوو یان سێکەس بچوونایەتە تەوالێتەکان، سەریان دیاربوو، بۆخۆیان تاتەواو ئەبوون خەریکی حکایەت کردن بوون.
یەکەم ڕۆژمان بوو لەمەحجەر مام سمایل ویستی بچێ دەسنوێژی نیوەڕۆ هەڵگرێ،یەکەمجارە بچێتە توالێتەکان
،سەیر ئەکا، بەزەحمەت ئەچێتە تەوالێتەکەوە، هەرکە شەرواڵ دێنێتە خوارو دادەنیشێ ڕاست سمتی لەهەردوو لاوە لەدیواری تەوالێتەکە توند دەبێت و هەردوو لا دەڕووخێن، ئیتر مام سمایل چونکە بەتوندی دانشتبوو، خۆیشی زۆرقەڵەوە هەردوو لای سمتی تۆکی پێوە نەمابوو، هاواری لێهەڵساو من وچەن بەندییەک چووین،تا هەڵمان سان و هێنامانە دەرەوە، خوێن بەقاچ وقولیا هاتە خوار، خەبەردرایە مودیری بەندیخانە،کە مام سمایل ئاودەسەکانیڕووخانووە،،معاون محەمەدو دنیایە پۆلیس و موفەوەز، ڕژانە ناو مەحجەر ،هاتن و توالێتیان کەشفکردو کردیانە ڕاپۆرت بۆ پارێزگاری کەرکووک، مام سمایلیشیان بردە نەخۆشخانە، دوای دوو ڕۆژ پارێزگار هات و دیاربوو بابەتەکەی پێ خۆش بوو، کابرایەک لەدانشتندا بە سمتی دوو دیواری لەملاو لەولاوە ڕووخاندبێت،دیارە هیچ عەقڵێک ئەمە قەبووڵ ناکات، هاتە لای بەندییەکان و مام سمایلی بانگ کرد،کەمام سمایلی بینی، ئەڵێی دێوەزمەیە،پێی وت :-وەڵڵا ناهەقت نییە، قوونی تۆو ئەم تەوالێتە یان نەوتووە، حکوومەت ئەبوو حیسابیتۆی بکردایە،ئەمری کرد لەبەرخاتری قەڵەوێکەی مام سمایل ، توالێتێکی پان و پۆڕ دروست بکەن،
مام سمایل زۆر خۆر بوو، زۆرجار ئەوەی لەبەردەم ئێمە بمایەتەوە، مام سمایل لووشی دەکرد،بەڵام چونکە تاحەماڵ بوو ئەجوولا هیچ کێشەیەکی نەبوو،بەڵام ئێستا ئەخوات ولەسیجنا ناجووڵێت،ڕۆژێک دیمان مام سمایل هەروابەڕێی توالێتەوەیە. میزاجی نییەو، شەڕی لێ ئەبارێ، نەخێر کار گەیشتە عەسر و مام سمایل هەربەڕێی دەسشۆرەوەیە، بەرلەمەغریب هاواری لێهەڵسا، وتی فریامکەون، چوار ڕۆژە نەچوومەتە سەراو وائەمرم، زگم تەقی، دەنگی ئەچووە عەرش عەزیم ،ئۆردیانەکان هەواڵیان گەیانە مودیر، ئەوەبوو بە کۆڵێ پاسەوانەە، هات و وتی:-هاسمایل دیسان چیتە؟هەر توالێتەکانت نەڕووخانبێ ڤەینا؟ مام سمایل هەر هاواری لەزگی دەکردو وتی وائەمرم چوار ڕۆژە نەچوومەتە سەر ئاو،دیاربوو موزەمدێکی بەندیخانەکەیان لەگەڵا بوو،وتی جەنابی مودیر ئاسانە ،من چارەسەری ئەکەم، مودیر ڕۆیشت و پاش کەمێ موزەمیدەکەو پۆلیسەکان هاتنەوە، تەشتێک قووڵیان پێ بوو لەگەڵ سەتڵێک ئاوی گەرما، لەولای توالێتەکانەوە، تەشتەکەیان پڕ کرد لەئاوی گەرم و هەنێ خوێیان تێکرد، بەمام سمایلیان وت:-بۆ نیو سەعات لەناو ئەم ئاوە گەرمەیا دانیشە، ئیتر نەجاتت ئەبێ،مام سمایل چوو شەرواڵی هێنایە خوارو بەڕووتی لەناوتەشتە لەوحەکەدا،
کەپڕ بوو لە ئاوی گەرم ، دانیشت، دوای نیو سەعات هاوارلە مام سمایل هەڵسا، گشتمان ڕامانکرد، موزەمیدەکەش هەر نەڕۆشتبوو چاوەڕێی وەزعەئەکەی ئەکرد، کە چووینە سەری، تومەزە مام سمایل زۆری بۆ هاتووە بچێتە پێش ئاو، بەڵام کەهەڵساوە، تەشتەکە لەسمتیا چەسپ بووەو بە ئامان و زەمان قوونی مام سمایلی لێ دەرنایە، ئەویش تەنگاوە، هەرهاوارئەکا فریام کەون، وەڵا برا من و موزەمیدو چەن برادەرێک تەشتکەمان بەهەزارحاڵ لەقونی کردەوە، ئیتر بە ڕاکردن خۆی گەیانە شوێنی مەبەست، دوای مانگێک، مام سمایل درایە دادگای هەیئەی خاسەو بە دەساڵ زیندانی کراو تا ئێستاش هەواڵیم نەزانی، بەڵام دڵنیام بەرگەی بەزمی تەشتێکی تری نەگرتووەو مردووە، بەخوا پیاوێکی نازدارو دڵسۆزو کورد پەروەربوو.یادی بەخێر
بەزمەکانیشی بۆ ئێمەی دڵ پڕلەخەم و جەستەی شەکەتی ئەشکەنجەی شەوانە،جۆرێک بوو لەئارامی ودڵخۆشی.

