فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

د.مستەفا زەگنە

نووسەر، ، هەولێر

………………………

لەچاوپێکەوتنێکدا،بینیم هونەرمەندی ناسراو،سعدون یونس زۆر بەڕوونی و بێ دوودڵی،لەوەڵامی چەند پرسیارێکدا دەڵێ:- من فاشیلم، دەشڵێ ئەوکوردانەی لەهەندەرانن لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە فاشیلن. هەروەها دەڵێ من سێ کچ و پێنج کوڕم هەيە، سەبارەت بەمن، کچەکانم لەکوڕەکانم خراپترن،هەروەها دەڵێت دوای ئەو هەموو ماندوو بوون و ڕەنج کێشانە، ڕەنجم بەباچوو، ئەگەرگیرفانی خۆم نەبایە،دەبوو ئێستا لەسەرشەقامەکان بوومایە.

هونەرمەندی ناسراو، دەهۆڵەکەی دڕی و بێدەنگیی زۆربەی باوکان و دایکانی شکاند و، ڕاستگۆیانە باسی نەمانی پەیوەندی و سۆزو موحیبەتی مناڵان بۆ باوک ودایکانی باسکرد.چەندینجار وشەی بێکەڵکن، سفرن..ی دووبارە کردەوە. ئاخر هونەرمەند و ڕۆشنیرەکان کە بنیاتنەری کۆمەڵگەی تەندروستن ،دان بەوەیدا بنێن کەفەشەلی کۆمەڵایەتییان هێناوە، دەبێ لەخۆمان بپرسین، ئێستا کوردستان لەبەردەم چ مەترسییەکدایە؟

واساڵانێکە من و دەیان ڕۆشنبیری وەک من لەسەر دابڕانی کۆمەڵایەتی قسەمان کردووە،بابەت و پێشنیازمان نووسیوە بەڵام ، پەروەردە و خوێندنی باڵا و کارو کاروباری کۆمەڵایەتی خۆیان لێکردینە کەڕەی شەربەت و وەکوو گوێیان لۆکەی تێ ئاخێنرابێت وابوونە،ئێستا پشتگوێخستنی ئەندامانی خێزان بۆ باوک و دایکان، خەریکە دەبێتە دیاردە.دەرکردنیان لەماڵ و بگرە لێدان و قسەی نەشیاو گوتن پێیان، بوونەتە بنێشت جوین. بەڵامزۆربەی باوکان ودایکان شەرمی کۆمەڵایەتی وایلێکردوون،کە وسکوت بن نەبا بۆگەنێکان دەربچن و بکەونە دەمی ئەم و ئەو،، هەروەها، توندو تیژیی ژن بەرامبەر بەپیاو و بێڕێزیکردن بەرامبەریان خەریکە سنووری هەموو وڵاتانی جیهان دەبەزێنێ.کەس ناپرسێ بۆچی لەم سی ساڵەدا ئەم وڵاتە وایلێهات؟ بشپرسن،کەس وەڵامی دروستت پێ ناڵێت،وەڵامی دروستیش هەبێ ئەوا هیچ لایەنێکی فەرمی خۆی ناکاتە خاوەن،تاهەنگاوی کرداری بنرێت بۆچارەسەرکردن. بەڵێ ئەم هونەرمەندە بەڕێزە، تاکە کەسە لەسۆشیال میدیاو بەدەنگی بەرز دەڵێت، کۆمەڵگەکەمان داتەپیوەو منیش شانەیەکم لەو کۆمەڵگەیە.

وابڕوات، دیاردەی ماڵ بەجێهێشتن تادێ زۆردەبێت، خیانەتی هاوسەری تادێ شێوەی جیا دەگرێتە خۆی، بەئەندازەیەک وای لێهاتووە هەندێ پیاو دەزانن ژنەکانیان پەیوەندیی ناشەرعییان هەیە،بەڵام لەبەر ئابڕووچون و سومعەی مناڵەکانیان، کپ لێی وسکوت بوونە.بەڵام بڕۆن سەیری ناخیان بکەن؟ وێران وێران، بریندار تاسەر ئێسک.

داوا لەسەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕێزدار کاک( مسرور بارزانی) دەکەم،تا زووە پێشی ئەم لێشاوە خوێناوی و بۆگەنە بگرێت. ئەگەرنا بەشی زۆری گوناهی ئەم داڕمانە لەئەستۆی پارتی و یەکێتی و حکومەت و پەرلەمانە،ڕێگای چارەسەری زۆرن بەڵام ئێرە ڕووبەرێکی تەسکە بۆ چارەسەری خراپترین چەکی لەناوبردنی کۆمەڵگەی کوردەواری. گەر حکومەت بانگم بکات چی بکەین؟ ئەوکات دەزانم چۆن و بەکام دڵسۆزان و بەچ ڕێکارێک پێشی ئەم کارەساتە دەگرین. بڕوابکەن گەر چارەسەر نەکرێن،ئەوا دەساڵی کە نابات ئەم پەتایە دەچێتە ماڵی زوربەی خەڵکی پاک و ڕەوشت بەرزیش و پێی هەمووکەسێک دەگرێتەوە،کەس نەڵێت باهەرکەسەو ئاگای لەماڵ و منداڵی خۆی بێت،کەس ماڵ و مناڵی خۆی نەدۆزیوەتەوە، بەڵام چونکە ئەم کارەساتە چەندین جۆگەلەی چڵکاون، دێن و لەم وڵاتەدا تێکەڵ دەبن و ئاوا لەناومان دەبەن.دەبێ چارەسەرو پێشنیازەکانیش فرە سەرچاوە بن، بڕوابکەن، بەبیست کەس کەمن دەیانناسم دەتوانرێت لەم بوارەدا گەورەترین شۆڕش بکرێت کەتاهەتایە دەبێ باس بکرێت.، بەڵام ئاخ هێندەی خەڵکی بەرپرس بەپارەو سەروەتەوە خەریکن، بەقەد مسقاڵە زەڕڕەیەک خەم لەم میللەتە ناخۆن.تا دێ خراپتریش دەبێت.پیاو نازانێ بۆکوێ سەری خۆی هەڵبگرێت. نموونەو ناوی زۆرم لایە، بەڵام ناکرێ من ببمە قەوانی ناو زڕاندنیان.